"بێدەنگبون ئەو راستییە دەخاتەڕو موچەی هێزە ئەمنیەكان بندیواری تێدایە"

09/07/2024

ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوانەی پێیانوایە ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەكان مەترسیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم راست نیە.
باڵامبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە سایتی فەرمی یەكێتی راگەیاندوە: ناردنی موچەی وەزارەتە مەدەنییەكان و راگرتنی موچەی بەشێك لە وەزارەتە ئەمنییەكان دەرخەری ئەو راستیەن كە لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكان وەك پێویست نییە و دەبێت هاوشێوەی لیستی موچەی مەدەنی پاك بكرێتەوە.
وتوشیەتی: ئەگەر حكومەتی هەرێم پێیوایە دارایی عیراق بۆ ناردنی موچەی هێزە ئەمنییەكان بیانویان پێدەگرێت دەرگای دادگای فیدراڵی كراوەیەو پێویستە لەڕێی دادگاوە فشار بخاتە سەر حكومەتی عیراق، بەڵام بێدەنگبون لەم هەنگاوە ئەو راستییە دەخاتەڕو كە لیستی موچەی هێزە ئەمنیەكان بندیوارو هێزی وەهمی تێدایە كە تەنها خزمەت بە لایەنێك دەكات. 
ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وتوشیەتی: پێویستە لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكان پاك بكرێتەوەو زانیاری تەواوی هێزە ئەمنییەكان وەك ئەوەی لە رێنماییەكانی دارایی عیراقدا هاتوە بۆ بەغدا بنێردرێت، چونكە ئێمە بەشێكین لە عیراقی فیدراڵ و دەستور پارێزەری مافەكانمان دەبێت، هەمو ئەوانەشی پێیانوایە ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەكان مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێم راست نییە، چونكە ناكرێت وەك رابردو موچە بە هەڕەمەكی دابەشبكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group