نەوا-
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل دوو تاوەری نیشتەجێبوونی لە شاری نیشتەجێبوونی حەمەد، لە باكووری خان یونس بۆردومان كرد.
بەرگریی شارستانیی لە غەززە ڕایگەیاندووە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ئەو باڵەخانانە برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆنەخۆشخانەی ناسر، لە خان یونس، هەروەها ژمارەیەكی زۆر خەڵكیش لە شاری غەززە و باكووری كەرتی غەززە لەژێر هەڕەشەی بۆردوماندا ئاوارە بوون.
ئاماژەی بەوەش كردووە، هەڕەشەی ئیسرائیل هەیە بۆ چۆڵكردنی بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی خان یونس.
لای خۆشیەوە وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاندوە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیلەوە ژمارەی كوژراوان بۆ 39 هەزار و 790 كەس بەرز بووەتەوە، هاوكات ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 92 هەزار ، ڕوونیشی كردووەتەوە 70%ـی قوربانییەكان منداڵ و ئافرەتن.