نەوا-
ناوەندی چاودێریی زیارەتكارانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی وتنەوەی دروشم دژی ئیسرائیل، ژمارەیەك زیارەتكاری ئێران لە لایەن پۆلیسی عیراقەوە دەستگیر كران.
ناوەندی چاودێریی زیارەتكارانی ئێران بڵاویكردوەتەوە، 50 زیارەتكاری شیعە بەهۆی وتنەوەی دروشم دژی ئیسرائیل لە حەرەمی ئیمام حسێن دەستگیر كراون و دواتر دوای وەرگرتنی بەڵێننامە سەرجەم زیارەتكارەكان ئازاد كراون.
باسی لەوەشكرد، بەپێی یاسای عیراق هەموو دروشمێكی سیاسی لە حەرەمی ئیمام حسێن قەدەغە كراوە و ئەوەش وای كردوە پۆلیس ئەو زیارەتكارانەی ئێران دەستگیر بكات.
هەروەها، بە گوێرەی ئامارەكان زیاتر لە سێ ملیۆن و 400 هەزار زیارەتكار لە ئێرانەوە رویان لە نەجەف و كەربەلا كردوە بۆ بەشداریی لە چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن.