ترەمپ ئاگربەست درێژ دەكاتەوەو گەمارۆش توندتر دەكات

2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
لە وەڵامێكی دیپلۆماسی بەرچاو بۆ هەوڵە نێوەندگیرییەكانی پاكستان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا درێژكردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند، بەمەش دەرفەتێكی زیاتری رەخساند تاوەكو تاران پێشنیازێكی یەكگرتوو پێشكەش بكات كە كۆتایی بە چەقبەستویی سیاسی بهێنێت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەكان راگەیەنراوە، لە كاتێكدا ئەم بڕیارە نەرمییەكی تەكتیكی بەرامبەر داواكارییەكانی ئیسلام ئاباد نیشان دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی پەرەسەندنەكان، بەڵام ترەمپ لە هەمان كاتدا پێداگری لەسەر ستراتیژییەكی توند كردەوەو جەختی كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی بەندەرەكانی ئێران، ئەمەش وەك خنكاندنێكی ئابووری پێش هەر خولێكی دانوستانی ئەگەریی دەبینرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا روبەڕوی هەڵوێستێكی توندی ئێران بۆوەو تاران لایەنی پاكستانی ئاگادار كردوەتەوە كە بە توندی دانوستان لەژێر فشار یان لەژێر سێبەری گەمارۆی دەریاییدا رەتدەكاتەوە، جەختی كردەوە كە گۆڕینی رەفتاری ئەمریكا تەنها رێگەیە بۆ هەر گفتوگۆیەك.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group