بریاری باجی 20٪ی سەر كارتەكانی مۆبایل هەڵوەشایەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیارێكی دەستەی ڕاگەیاندنی عێراقی هەڵوەشاندەوە كە سەبارەت بە سەپاندنی بڕە پارەیەك لەژێر ناوی كرێی خزمەتگوزاری بەسەر كۆمپانیاكانی مۆبایلدا دەریكردبوو.
دادوەر ئەیاد موحسین زەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی تانەدان كە تایبەتە بە سەیركردنی ئەو تانانەی لە بڕیارەكانی دەستەی ڕاگەیاندن دەگیرێن، ڕوونی كردەوە، ئەو بڕە پارەیەی كە بە ڕێژەی 20% خرابووە سەر كارتی پڕكردنەوەی باڵانس و ئەپڵیكەیشنە ئەلیكترۆنییەكان، لە ڕاستیدا (باجی فرۆشتنە) نەك (كرێی خزمەتگوزاری).
ئاماژەی بەوەشدا، سەپاندنی باج و ڕسومات تەنها لە دەسەڵاتی تایبەتی دەسەڵاتی یاساداناندایە بەپێی ماددەی 28/یەكەم لە دەستووری عێراق، كە ڕێگری دەكات لە سەپاندنی هەر باجێك مەگەر بە یاسا نەبێت.
ئەیاد موحسین رونیشیكردەوە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە بڕیارەكەیدا پشتی بە ڕێنماییەكی ئەنجومەنی وەزیران بەستبوو كە لە ماوەی كاربەڕیكردنی حكومەتدا دەرچووبوو و جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی یاسایی نییە بۆ دەركردنی بڕیارە گەلێك كە بارگرانی دارایی نوێ بخاتە سەر شانی هاووڵاتییان.
ناوبراو دووپاتی كردەوە، بڕیارە تانەلێدراوەكە بنەمای یاسایی نەبووە، بۆیە پێویست بووە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی و پووچەڵكردنەوەی شوێنەوارە یاساییەكانی بدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group