نەوا-
لە 37ـەمین ساڵیادی كۆچی دوایی ئیمام خومەینی، لەلایەن حاج عەلی ئەكبەرییەوە پەیام و وتاری موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران خوێندرایەوە.
لە وتارەكەدا رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرانبەر بە ئیسرائیل نەگۆڕە و هۆشداریش دەدات لەوەی دوژمنانیان لە هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی ناوخۆیی و تێكشكاندنی خۆڕاگری خەڵك و بەهەڵەدابردنی بەرپرسانی وڵاتەكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، سیستەمی هەژموونخواز بنكەیەكی سەربازیی بە ناوی ئیسرائیل دروستكردووە و ئێرانیش بەهیچ شێوەیەك لە هەڵوێستەكانی بەرانبەر بەو وڵاتە پاشەكشە ناكات.
رێبەری ئێران جەختیشی كردەوە، كە دوژمن دوای شكستخواردنی لە گۆڕەپانی جەنگ و لە رووبەرووبوونەوەی هێزە چەكدارەكاندا، ئێستا پەنای بۆ جەنگێكی تێكەڵاو بردووە بە مەبەستی دروستكردنی كەلێن و دووبەرەكی لە ناوخۆی وڵاتدا.
باسی لەوەشكرد، دوژمن لەسەر شەقام و گۆڕەپانەكان تووشی سەرشۆڕییەكی قووڵ بووەتەوە، بۆیە لە ئێستادا پیلانەكانی خستووەتە سەر تێكشكاندنی خۆڕاگریی خەڵك و دروستكردنی هەڵە لە لێكدانەوەكانی بەرپرسانی وڵاتدا.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، موجتەبا خامنەیی هۆشداری دا كە سیستەمی هەژموونخواز درێغی ناكات لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێك بۆ رێگریكردن لە پێشكەوتنەكانی ئێران، بۆیە هەر جۆرە كارێك ببێتە هۆی نائومێدی و رەشبینی لای هاووڵاتییان، وەك هاوكاریكردنی راستەوخۆی دوژمنانی وڵات و گەل هەژمار دەكرێت.