وەزارەتی دارایی: داهاتی گومرگ لە حەوت ساڵدا زیاتر لە 9 ترلیۆن دینار بووە

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
بەپێی داتا و زانیارییەكانی پەرتووكی كار و چالاكییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داهاتی گومرگ لەو حەوت ساڵەدا بە وردی گەیشتووەتە نۆ ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار.
باس لەوەشكراوە، گۆڕانكاری و چاكسازییەكانی چەند ساڵی ڕابردوو لە دەروازەكاندا، كاریگەریی بەرچاویان هەبووە لە زیادبوونی جووڵەی بازرگانی و كەمبوونەوەی ڕۆتین و بەرجەستەكردنی شەفافیەت.
لە ئێستاشدا، تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، سەرقاڵی جێبەجێكردنی سیستەمی "ئاسیكۆدا"ن لە دەروازەكانی هەرێم، ئەمەش بەمەبەستی ڕێكخستن و یەكخستنی كاروباری گومرگی و ترانزێت لە سەرتاسەری عێراق لە چوارچێوەی یەك سیستەمی یەكگرتوودا.
لە گرنگترین ئەو چاكسازییانەی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ و خاڵە سنوورییەكان جێبەجێ كراون بریتین لە؛ بەئەلیكترۆنیكردنی كاروباری دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان و بەستنەوەیان بە وەزارەتەوە، پێداچوونەوە بە ڕسوومات و پێناسەی گومرگی بۆ بەشێك لە كاڵاكان بە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لەو لێخۆشبوونە گومرگییانەی پێشتر بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەكان كرابوون.
هاوكات، هەماهەنگی كراوە لەگەڵ وەزارەتەكانی بازرگانی، كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بۆ پشتیوانیكردنی ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان جێبەجێ دەكرێن. هەروەها سیستەمی ترانزێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئێران، توركیا و سووریا دانراوە، ڕێنماییەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل هەموار كراونەتەوە، و بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی گومرگی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك بە مەبەستی ڕێگریكردن لە قاچاخچێتی و سەرپێچیی یاسایی كارا كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group