ماركۆ روبیۆ: ئێران هەموو رۆژێك پەیوەندیمان پێوە دەكات بۆ واژۆكردنی رێككەوتن

55 خولەک پێش ئێستا جیهان
نەوا-
ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەرپرسیارە لە دانوستانەكان لەگەڵ تاران، هەورەها،سەرجەم تیمەكانی دانوستانكار لەسەر بنەمای رێنمایی و فەرمانەكانی سەرۆك ترەمپ كار دەكەن.
باسی لەوەشكرد، پێناچێت كۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە بێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ئەو باجەی تاران دەیدات شەو دوای شەو زیاتر دەبێت تا ئەو كاتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەگەڕێنەوە سەر رێڕەوی عەقڵانی خۆیان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رونیشیكردەوە، ئێران هەموو رۆژێك پەیوەندیمان پێوە دەكات بۆ واژۆكردنی رێككەوتن، بەڵام دواتر لە قسەكانی خۆی پاشگەز دەبێتەوە.
روبیۆ ئاماژەی بەوە كرد، ناتوانرێت بگەین بە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ ئێراندا ئەگەر خۆی پابەندی نەبێت و نەیپارێزێت.
سەبارەت بە ئەگەری دانوستانەكانیش، روبیۆ روونیكردەوە، ئێران لە ئێستا ئامادە نییە بۆ واژۆكردنی رێككەوتن، بەڵام لەوانەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئامادە بێت؛ گوتیشی "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، تەنیا بریتییە لە نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمی لە ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تارانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە پارە و هاوكاریی دارایی بۆ حزبوڵڵا و میلیشیا چەكدارەكان دابین دەكات لەپێناو برەودان بە تیرۆردا.
پەیوەست بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لەوە كرد، وا دیارە حوسییەكان هاتوونەتە ناو ململانێكانەوە، هیوای خواست كە ئەو گرووپە واز لە هێرشەكانیان بهێنن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، روبیۆ جەختی لەوە كردەوە، عەرەبستانی سعوودی هاوبەشێكی ستراتیژیی گرنگی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. 
ئاماژەی بەوەش كرد كە ڕیاز هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە دەدات، بۆیە واژۆكردنی ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ سعوودیەدا بڕیارێكی لۆژیكی و گونجاوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group