توركیا %15ی پشكەكانی كۆمپانیای بی پی كڕیوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، عیراق دەتوانێت رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی توركیا بكات ئەمەش یەكسانە بەو بڕە نەوتە خاوەی پێویستیانە.
لەوبارەیەوە ئاشكرا كراوە، كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی توركیا %15ی پشكەكانی كۆمپانیای بی پی بەریتانی لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەعیراق كڕیوەو یەدەگی نەوت و گازی ئەو 5 كێڵگەیە یەكسانە بەنزیكەی 3 ملیار بەرمیل، ئەردۆغان ئەمە بەهەنگاوێكی مێژویی بۆ پەرەپێدانی هاوكاریی هەمەلایەنە لە بواری وزەدا لە نێوان هەردو وڵات ناو دەبات.
رونیشكراوەتەوە، لە ئێستادا بۆریەك لە كەركوكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركیا هەیە كە توانای رۆژانەی یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، هەروەها بەشێوەیەكی سەرەكی نەوتیش لە هەرێمی كوردستانەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جیهانی توركیا لەوێشەوە بۆ  بازاڕەكانی جیهان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group