هەرێم و بەغدا لە سەر پرسی سزای سەرپێچی هاتووچۆ رێكدەكەون

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتیی عێراق، بەردەوامیی هەماهەنگییەكانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆسیەی سزاكانی سەرپێچیی هاتووچۆ و ڕەشكردنی شووشەی ئۆتۆمبێل (تەزلیل) ڕاگەیاند.
لیوا دكتۆر عودەی سەمیر بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی دەكەن و هەڵگری تابلۆی هەرێمی كوردستان یان پارێزگاكانی دیكەن، مافێكە یاسای هاتووچۆ سەلماندوویەتی.
باسی لەوەشكرد، ئەمە بەشێكە لە ڕێكارەكانی ڕێكخستنی هاتووچۆ و لێپرسینەوە لە سەرپێچییەكان بەپێی تایبەتمەندیی شوێنیی هەر بەڕێوەبەرایەتییەك، هەروەها هەنگاوێكە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پێدانی هەستی دڵنیایی بە بەكارهێنەرانی ڕێگاوبان.
لەبارەی هەماهەنگییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ دووپاتی كردەوەن هاوكارییەكی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی هونەری و ڕێكخستن و پەیوەندییەكان بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە لە پێناو جێبەجێكردنی دروستی بڕگەكانی یاسای هاتووچۆ.
عودەی سەمیر باسی لەوەش كرد، لێكتێگەیشتنەكانی نێوان بەغدا و هەرێم تەنیا دۆسیەی سزای سەرپێچی ناگرێتەوە، بەڵكو پرسی ڕەشكردنی شووشەی ئۆتۆمبێلیش دەگرێتەوە، بڕیار و ڕێنماییەكانیش لەو بارەیەوە وەك بەشێك لە ڕێككەوتنی هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكە كاریان پێدەكرێت. 
لە كۆتاییشدا وتی، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە تا ئێستا هیچ لایەنێكی نەرێنیی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵكو هەوڵەكان بەردەوامن بۆ یەكخستنی ڕێكارەكان و بەهێزكردنی سەلامەتیی شۆفێران لە سەرتاسەری وڵاتدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group