نەوا-
پەرلەمانی ئێران هەنگاوەكانی بۆ سەپاندنی باج بەسەر ئەو كەشتییە بارهەڵگرانەدا دەستپێكرد كە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
حەسەن قەشقایی وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران بە میدیا فەرمییەكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، ماددەی سێیەمی پڕۆژەیاسای تایبەت بە سەپاندنی باج بەسەر كەشتییەكاندا پەسەندكراوە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، هەر كەشتییەك بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببێت، پێویستە لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەكانی تایبەت بە ئاسایش، بیمە، ژینگە و دابینكردنی سووتەمەنیدا، باج بە تمەنی ئێرانی یان بەو دراوە بدات كە تاران دیاریی دەكات.
ئەمە لە كاتێكدایە، پڕۆسەی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، پاش پەسەندكردنی كۆتایی لەلایەن پەرلەمانەوە، پێویستی بە واژۆی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور و سەرۆككۆماری ئێران دەبێت بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.