وەزارەتی پێشمەرگە: كۆتاییمان بە دابەشكردنی مووچە بەشێوەی كاش هێنا

18 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی پێشمەرگە لە زاری لیوا توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەكان (ژمێریاریی سەربازی) بڵاویكردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا مووچەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕێگەی بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە دابەش كراوە.
باسی لەوەشكرد، كە ئەم هەنگاوە كارئاسانیەكی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەكانیان دروست كردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەكانی پێشوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی بانكەكانی هەرێمی كرد كە بە هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان ڕۆڵێكی گرنگیان لە بەڕێوەبردن و جێبەجێكردنی پرۆسەكەدا گێڕاوە.
 ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، ئەم هاوكارییە تەنها لە چوارچێوەی ئەركە فەرمیەكانیاندا نەبووە، بەڵكو لە كاتەكانی پشووشدا ئەم ئەركەیان لە پێناو خزمەتكردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە.
ئەو بەرێوبەرە ئاشكراشیكرد كە نزیكەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر لە 99% لە پرۆسەی هەژماری من تۆمار كراون، لە ئێستاشدا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ئاسان، لە ڕێگەی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە (ATM)ەوە دەستیان بە مووچەكانیان دەگات.
جەختی لەوەشكردەوە، بەهۆی ئەم پێشكەوتنە و بەردەوامبوونی پرۆسەی دیجیتاڵكردنی مووچە لە ڕێگەی هەژماری من، لەمەودوا پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانكەكانەوە بە شێوەی پێشوو كۆتایی پێ دێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group