بەستنی پێوەری ئاو گەیشتە زیاتر لە یەك ملیۆن هاوبەش
48 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا رایگەیاند، لە پێناو بنبڕكردنی بەفیڕۆدانی سامانی ئاو و بەرقەراركردنی دادپەروەری لە نێوان هاووڵاتییاندا، پڕۆژەیەكی بەرفراوان بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ بەسیستەمكردنی كۆكردنەوەی كرێی ئاو و بەستنی پێوەری ماڵان جێبەجێ كرا، بەهۆی ئەم هەوڵانەوە ڕێژەی بەستنی پێوەر لە تەواوی هەرێمدا بۆ 90% بەرزبووەوە و ژمارەی هاوبەشانی ئاویش گەیشتە زیاتر لە یەك ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم دەستكەوتە نوێیە دوای زنجیرەیەك پلانڕێژیی تۆكمە و بەدواداچوونی بەردەوامی بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەر تیمە مەیدانی و جێبەجێكارەكان هاتە كایەوە، بەپێی ئامارەكان، لە سەرەتای ساڵی 2021دا ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو تەنیا 50% بوو، بەڵام لە ماوەیەكی پێوانەییدا توانرا ئەو ڕێژەیە بگەیەنرێتە 90% لە سەرانسەری هەرێمدا، ئەمەش وەك پێشوەچوونێكی گرنگ لە بەڕێوەبردنی كەرتی ئاودا هەژمار دەكرێت.
هاوكات هەر لە راگەیندراوەكەدا باس لەوەشكراوە، لەگەڵ پرۆسەی بەستنی پێوەرەكاندا، هەڵمەتێكی چڕ بۆ ڕێكخستنەوە و تۆماركردنی هاوبەشان بەڕێوە چوو، ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی ژمارەی گشتیی بەشداربووان لە 850 هەزار هاوبەشەوە بەرز ببێتەوە بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش لە سەرجەم سێكتەرەكانی ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی و فەرمانگە حكومییەكاندا، بەمەش زۆرینەی بەكارهێنەرانی تۆڕی ئاوی گشتی خرانە ژێر چەتری سیستەمێكی ڕێكخراو و یاساییەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دەشڵێت، پرسی بەفیڕۆچوونی ئاو لە ساڵانی ڕابردوودا یەكێك بوو لە گرفتە سەرەكییەكانی كەرتی شارەوانی و ئاو لە هەرێمی كوردستاندا، نەبوونی پێوەر لە بەشێكی زۆری ماڵان و تۆمارنەبوونی هەزاران هاوبەش، بارگرانییەكی زۆری لەسەر كەرتی بەرهەمهێنانی ئاو دروست كردبوو، ئەم پڕۆژە نوێیە وەك نەخشەڕێگەیەكی سەردەمییانە دەڕوانرێتە ئەنجامەكانی، نەك تەنیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بڕی ئاوی بەرهەمهاتوو و چەسپاندنی لێپرسینەوەی دارایی دادپەروەرانە، بەڵكو وەك بنەمایەك بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی بەكارهێنانی بەرپرسانە لە پێناو پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە بۆ نەوەكانی داهاتوو.