نەوا-
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا سەرۆكی ئەركانی سوپای عیراق بەبۆنەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە پیرۆزبایی لەوەزارەتی پێشمەرگە كردو لە بەشێكیدا رایگەیاندوە، پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگە دەكات كە وێستگەیەكی دیارە لە كاروانی یەكخستنی هەوڵە سەربازییەكان و بەهێزكردنی سیستمی ئەمنی لە عیراقدا، ئەم راگەیاندنە لەچوارچێوەیەكی دامەزراوەیی یەكگرتودا دێت و پایەیەكی گرنگە بۆ پتەوكردنی دیسیپلین و ئامادەباشی، هەروەها چەسپاندنی پرەنسیپی یەكپارچەیی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لەپێناو پاراستنی نیشتمان و هاوڵاتیان و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و هەڕەشە جۆراوجۆرەكانە.
یارەڵڵا جەختیشی كردوەتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیی هەماهەنگی، هاوكاری و تەواوكاری لەنێوان هێزە چەكدارەكانی عیراق و هێزەكانی پێشمەرگەدا وەك دوو بەشی دانەبڕاو لە سیستمی بەرگریی نیشتمانی كە لە شەڕەكانی رزگاركردندا سەلماندویانە شانبەشانی یەكتر لە یەك سەنگەردان بۆ بەرگریكردن لەخاكی عیراق و گەلەكەی لە دژی تیرۆر.