شاخەوان عەبدوڵا: بەغدا هەوڵ دەدات پشكی هەرێم كەمتر بێت لەوەی داوای دەكەین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 گفتوگۆی زۆر باشیان لەسەر كراوە و بەشێكی زۆریان لەناو ڕەشنووسی بودجەدا شوێنیان بۆ كراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ماوەتەوە دیاریكردنی پشكی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستانە، كە لای ئێمە زۆر گرنگە بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێریی گشتیی عێراق بێت كە بەغدا خۆیان ئەنجامیان داوە و پێویستە پشكی هەرێم لانی كەم 14.14٪ بێت.
شاخەوان عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، ئێستا ئەوە خاڵەی لێكتێگەیشتنی لەسەر نەكراوە و لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت دیاریكردنی ڕێژەی ئەو پشكەیە، ، وتیشی، بەغدا هەوڵ دەدات پشكی هەرێم كەمتر بێت لەوەی داوای دەكەین و دەیانەوێت ڕێژەی 12.67٪ جێگیر بكەن، ئەمەش بووەتە خاڵی سەرەكیی ناكۆكی و گفتوگۆكان و ئومێدەوارین ئەم گرفتەش لە بەرژەوەندیی مافە دەستوورییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێت.