فەرهاد شامی بەڕێوەبەری پێشوی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە پەیامێكدا بۆ تۆم باراك نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریاو عیراق رایگەیاندوە، تۆم باراك ئەندازیاری كۆمەڵكوژییەكانی كورد، عەلەوی و دروزەكان بوە.
فەرهاد شامی لە پەیامەكەیدا راشیگەیاندوە، نێردەی ترەمپ نوێنەرایەتی جۆرێك دیپلۆماسی دەكات كە لەسەر بنەمای رەشەكوژی، مامەڵەی گوماناوی و سەپاندنی مەرج لەڕێگەی هەڕەشەوە بونیادنراوە، شێوازەكانی ئەو لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی سوریاو یاریكردن بە چارەنوسی پێكهاتەكان بۆ هەمیشە بە شاراوەیی نامێنێتەوە.
ئەو فەرماندەیەی پێشوی هەسەدە وتوشیەتی: رۆژێك دێت راستییەكان لەسەر رۆڵی ئەو كارەكتەرە لە هەڵگیرساندنی ململانێكان و رشتنی خوێن لە سوریا ئاشكرا دەبن، تاسورییەكان لێی دوربكەونەوە زیاتر لە ئایندەیەكی پارێزراو و سەقامگیر نزیكدەبنەوە.