هەردی سەڵاح: پاراستنی بەرژەوەندی خاك و خەڵك لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەردی سەڵاح ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پاراستنی بەرژەوەندی خاك و خەڵك لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە و بە گوێرەی لێدوانی هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان، لەكارخستنی پەرلەمان مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم.
وتیشی، ئێمە وەك نوێنەرانی گەل هاتووین گرفتەكانی خەڵك چارەسەر بكەین، بۆیە ئەمڕۆ بە شانازییەوە وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ بەشداریم لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا كردووە، چونكە هەرشتێك لە بەرژەوەندی خاك و خەڵكەكەمان بێت ئەوە دەكەین.
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە هۆشداری دا لە لێكەوتەی ناكۆكییە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم  و باسی لەوەكرد، بەهۆی ئینكاری و ململانێ سیاسییەكانەوە خەریكە بەهانە دەدرێتە دەست بەغدا تا لەجیاتی ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدات، لە كاتێكدا ئەمە لە رووی نەتەوەیی و دەستوورییەوە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە و پێویستە خۆمان بڕیار لە كاروباری خۆمان بدەین.
سەڵاح جەختی لەوە كردەوە، پەرلەمان تاكە شوێنی شەرعییە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان و وتیشی، هەر هێزێكی سیاسی هەر هەڵوێستێكی هەیە با بێت لەناو پەرلەماندا باسی بكات شەڕ و ململانێی سیاسی، پێكهاتن، لێپرسینەوە و سزادانی حكومەت لەگەڵ دەركردن و هەمواركردنی یاساكان دەبێت لەناو ئەم هۆڵەدا بكرێن، واتای چییە پەرلەمان پەك بخرێت؟ لەكارخستنی پەرلەمان و كۆبوونەوە لە دەرەوەی ئەم دامەزراوەیە، بێڕێزییە بە دەنگی خەڵك و دامەزراوەی شەرعی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group