دامەزراوەی پەی: پێویستە رێز لە ئیرادەی ئازادی ئەندامانی پەرلەمان بگیرێت

52 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە راگەیێندراوێكدا بە ناونیشانی (پەرلەمان ماڵی هەمووانە: هەرێم بە سازان دەپارێزرێت نەك بە لێكترازان)، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دانیشتنەكەی پەرلەمان دەكات و دەڵێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، لە جیاتی ئەوەی ببێتە دەرفەتێك بۆ كۆكردنەوەی هەمووان، ئاوێنەی لێكترازانی هێزە سیاسییەكان بوو، فراكسیۆنەكان بوون بە دوو بەرەوە، هەندێكیان بەشدارییان راگەیاند، هەندێكی دیكە بایكۆتیان كرد، هەندێكیش خۆیان لە ململانێكە بە دوور گرت.
سەبارەت بە ئازادی و سەربەخۆیی بڕیاری ئەندامانی پەرلەمان لە بەشداریكردن یان بایكۆت، دامەزراوەكە باس لەوەدەكات، پێویستە رێز لە ئیرادەی ئازادی ئەندامانی پەرلەمان بگیرێت ئەوان نوێنەری خەڵكن، بڕیاری بەشداریكردن یان بەشدارینەكردنیان لە كۆبوونەوەكەدا مافی خودی پەرلەمانتارەكانە كە بە یاسا و پەیڕەو بۆیان دیاریكراوە و پێیاندراوە، ناكرێت بە هەڕەشە و فشار و سزای ئەمنی و حزبی ئیرادەیان زەوت بكرێت.
دامەزراوەی پەی هۆشداری لە لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدات و رایدەگەیێنێت، ئەم بۆشاییە یاسادانانە دەرگای بۆ دەستێوەردانی بەغدا و دادگەی باڵای فیدراڵی واڵا كردووە، درێژەكێشانی ئەم دۆخە شەرعییەتی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و قەوارەی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە لاواز دەكات، بۆیە تەنیا یەكڕیزیی ماڵی كوردی هەرێم لە مەترسییەكان دوور دەخاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، هەرێم بە سازان و دیالۆگ و رێككەوتنی نیشتمانی دەپارێزرێت، نەك بە لێكترازان و شكاندنی ئیرادەی یەكتر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group