بارانبارین و هەورە بروسكە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە
60 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
بەپێی ڕاپۆرتی كەشناسی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان نیمچە هەور و پەڵە هەور دەبێت، لە دوای نیوەرۆ بۆ كاتەكانی ئێوارەدا، سنووری باشووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لە سلێمانی و باشووری پارێزگای كەركووك نمە بارانی دەبێت، لە ئێوارەدا، لە ئێوارە و شەودا ئەگەری باران بارین لەسەر سنووری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاویەكان و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ هەیە.
لە بارەی كەشوهەوای سبەینێ پێنجشەممە، كەشناسی ئاشكرایكردوە، كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لە سەر ناوچەكەمان كەمێك زیاد دەكات، بە گشتی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە زۆربەی كاتەكاندا لەگەڵ بارینی نمە بارانی پچر پچر.
ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای نیوەرۆ رێژەی دابارین هەندێ جار زیاد دەكات و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت. بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران زیاتر دەبێت بەراورد بە ناوچەكانی تردا، لە كاتەكانی شەودا كاریگەری لاواز دەبێت.
بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە بە دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی، بەڵام لە ناوچە شاخاویەكان نزمتر دەبێت بە سێ بۆ چوار پلە بەراورد بە تۆمارەكانی ئەمرۆ.