لیژنەیەكی دارایی پەرلەمانی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

09/01/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود  

بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پرۆژە یاسای بودجەی 2019ی عیراق لیژنەیەك سەردانی هەرێمی كوردستان و دەكات و پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و پێدانی زانیاری دروست لە پرسی نەوت و داتاكان لەكۆی پێنج ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی سێ ئەنداممان داوامانكردووە بەشداری لیژنەكە نەكەین". 
ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، پێشنیازكراوە لیژنەیەك پێكبهێنرێت تاوەكو سەردانی لایەنە سیاسیەكان و سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكەن تاوەكو بزانرێت كێشەی هەرێمی كوردستان لە پرسی پرۆژە یاسای بودجەو پرسی نەوت چیە، چونكە چارەسەكردنی كێشەی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی دارایی ئاسان نییەو دەیانەوێت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆببنەوەو ئەوپرسە تاوتوێبكرێت".
وتیشی: "لە كۆی ئەو پێنج ئەندامەی كورد لە لیژنەی دارایی، من و هەریەك لە "هۆشیار عەبدوڵڵاو جەمال كۆچەر" داوای بەخشینمانكرد بۆ بەشداریكردن لە لیژنەكەو سەردانی بەرپرسانی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان شەفاف نییەو هیچ زانیارییەكی دروست نادات و تەنها حاڵەتێكی ئیحراجی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، لە ئێستاشدا ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەكەدایە".
باسی لەوەشكرد، "بڕیارە سەردانەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی سەردانەكە دیاری نەكراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group