بەهۆی لەدایكبونییەوە گەنجێك سكاڵا لەسەر دایك و باوكی تۆماردەكات

03/02/2019 هەمەڕەنگ

نەوا


بەهۆی ئەوەی بە بێ خواستی خۆی هێناویانەتە دنیاوە، گەنجێكی هیندی لەدادگا سكاڵای یاسایی لەسەر دایك و باوكی تۆمار دەكات.
لە بابەتێكی دەگمەندا، گەنجێكی هیندی بەناوی رافائێل ساموێڵی تەمەن 27 ساڵ لەدادگای نیودەلهی پایتەختی هیندستان سكاڵای لەسەر دایك و باوكی تۆماركردوە و لە دەقی سكاڵاكەدا ئاماژەی بەوەداوە، كە پێویستە خەڵك چیتر منداڵیان نەبێت، چونكە هێنانە دنیای بونەوەرێكی زیندوو بەبێ‌ وەرگرتنی رەزامەندی خۆی، كارێكی هەڵەیە لەڕووی ئەخلاقییەوە.
ئەو گەنجە باسی لەوەشكردوە، ئەو دژی منداڵ یان ژیان نییە، زۆر بەسادەیی پێیوایە شێوازی ژیان وا پێویست دەكات رەزامەندی وەرگرتن هەبێت. دەشڵێت "ئەو منداڵە بۆچی بەبێ‌ رەزامەندی خۆی روبەڕوی ناخۆشیەكانی ژیان دەكرێتەوە؟ ئەوە پێی دەوترێت ژیانی زۆرەملێ‌".
رافائێل ساموێڵ لە سكاڵاكەیدا نوسیویەتی "دەمەوێت بە منداڵانی هیندستان بڵێم من دایك و باوكمم خۆش دەوێت و پەیوەندییەكی باشمان هەیە، بەڵام بۆ دڵخۆشكردنی خۆیان منیان هێناوەتە دنیاوە و بۆچوونی منیان وەرنەگرتوە، بۆچی دەبێت نەهامەتیەكانی ژیان هەڵگرم لەكاتێكدا داوام نەكردوە؟".
رافائێل لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیجێكی بەناوی "دژە منداڵبون" دروستكردوە و لە ناساندنی پەیجەكەیدا دەڵێت "پێویستە پێش لەدایكبوون پرسیار بكرێت و پێویستیش دەكات دایك و باوك رونكردنەوەیەكی ئاشكرایان هەبێت". لەسەرەتای دروستكردنی پەیجەكەشی زیاتر لە 500 لایكی هەیە، كە هەمان بیروبۆچونی ئەویان هەیە.
چالاكوانانی هیندستان باس لەوەدەكەن، هەڵمەتەكەی رافائێل خۆبەخشانەیە و دورە لە توندوتیژی و نایەوێت بۆچونەكانی بەسەر كەسدا بسەپێنێت، تەنها دەیەوێت مرۆڤەكان بەشێوەیەكی جیاواز بیربكەنەوە.
لای خۆیشیەوە رۆژنامەی "ئۆدیتی سێنتراڵ"ی هیندی بڵاویكردوەتەوە، دروشمەكانی ئەو گەنجە لە پەیجەكەی بریتییە لە "ئەگەر بەڕاستی دایك و باوك دەزانن چی باشە بۆ منداڵەكانیان، بۆچی رێگەدەدەن لە دایك ببن؟".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group