سەفین دزەیی: لە بارەی دۆسیەی نەوتەوە هەرێم و بەغدا لە دانوستاندان

17/03/2019


وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا دانوستانیان لەسەر دۆسیەی نەوت كردووە و هەوڵی چارەسەركردنی ئەو دۆسیەیە دەدەن.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: دۆسیەی نەوت پێویستی بە گفتوگۆی جدی هەیە لە نێوان هەولێر و بەغداد و یاسای بودجەی 2019 عێراق حكومەتی عیراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دانوستان لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە،  بەڵام پێویست دەكات دوور لە چاوی كامێراكان بێت و لە كەشوهەوایەكی دۆستانە و گونجاودا هەوڵی چارەسەركردنی ئەو دۆسیەیە دەدەین.
ڕوونیشیكردەوە، لایەنگری چارەسەركردنی هەموو دۆسیەكانن بە شێوەی گفتوگۆ.
جێی باسە پێشتر سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو، تا ئێستا هەرێم یەك بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا نەكردوە و هەردوولاش بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە كۆدەبنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group