جوان حەسەن: رەوشی كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە هاوڵاتیانی كورد ئاوارەی هەرێم دەبن

18/03/2019

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت: بەردەوامی رەوشی پارێزگاكە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی كورد خانووەكانیان بفرۆشن و ئاوارەی هەرێم بن.
جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاندووە: "پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ھەرچەندە دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا باشترە، بەڵام ڕەوشی كەركووك تا ئاسایی نەكرێتەوە، پێشێلكارییەكان بەردەوام دەبن."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك باسی لەوەشكردووە: "ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك پێویستی بە ڕێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھەیە، چونكە بەو شێوەیە كورد ناتوانێ لە كەركووك بەردەوام بێت، هەروەها بەھۆی نەبوونی دەسەڵاتەوە كورد ناتوانێت بەرەنگاری بڕیارەكانی ئیدارەی ئێستای كەركووك ببێتەوە، بۆیە پێم وایە بەردەوامیی ڕەوشی ئاڵۆزی كەركووك، دەبێتە ھۆی ئەوەی ھاووڵاتیانی كورد خانووەكانیان بفرۆشن و بەرەو ھەرێمی كوردستان ئاوارە ببن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group