هەولێر.. پڕۆژەی دانەوەی موچەی پاشەكەوتكراو ئاراستەی حكومەت دەكرێتەوە

25/03/2019

 

جێگری سەرۆكی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، دوای ئەوەی لە ماوەی  ڕابردوودا بەھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەی دانەوەی پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حكوومەت ڕەت كرایەوە، ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتر بووە، بۆیە دووبارە پڕۆژەكە بەكۆمەڵێك گۆڕانكارییەوە ئاراستەی حكوومەت دەكەنەوە.
خانزاد مام وسوو، جێگری سەرۆكی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ڕایگەیاندوە: "رۆژی سێ شەممە  ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر كۆ دەبێتەوە و تێیدا پڕۆژەی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران لە پاشەكەوتی مووچە لە لایەن حكوومەتەوە كە پێشتر ئاراستەی حكوومەتیان كردبوو و بەھۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەكرا، ئەم جارە دووبارە پێداچوونەوەیەكی وردی پێدا دەكەن و كۆمەڵێك گۆڕانكاریشی تێدا دەكەن و ئاراستەی حكوومەتی دەكەنەوە، چونكە ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتر بووە."
وتیشی: "جگە لەوەی حكومەت قەرزاری فەرمانبەرانە، ھاووڵاتیانیش قەرزاری حكوومەتن، بۆیە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، چونكە زۆرێك لە ھاووڵاتییان قەرزی كەرتی وەبەرھێنانیان لایە كە پێویست بووە بە شێوەی قیست بیدەنەوە و بەھۆی پاشكەوتكردنی مووچە نەیانداوەتەوە، بۆیە داوا دەكەن پڕۆژەكە كارا بكەینەوە و ئاراستەی حكوومەتی بكەینەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت ھاوكارییان بكات و بتوانن قەرزی خۆیان بدەنەوە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group