پەرلەمانتارێكی عیراق دوو پێشنیار لەبارەی ناردنی بەنزین بۆ هەرێم ئاشكرا دەكات

18/04/2019 عێراق
نەوا-كاروان مەحمود 
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، "دوو پێشنیازم لەبارەی ناردنی بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووەو هەفتەی داهاتوو بەدواداچوونی لەبارەیەوە دەكەم".
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "لە سەردانێكدا بۆ كارگەیەكی سوتەمەنی عیراق دوو پێشنیارم ئاڕاستە كردوون لەبارەی ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان و داوامكردووە بەنزین لە سەرجەم هەرێمی كوردستان بە نرخی 500 بۆ 550 دینار دابەشبكرێت، یاخود ئەگەر نەتوانرا ئەو بەنزینە دابینبكەن ئەوا چەند بەنزینخانەیەكی حكومی بكەنەوە لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و نرخەكەی بە 450 دینار بێت و وەزارەتی نەوتی عیراق و پارێزگاكان و پەرلەمانتاران چاودێری بكەن".
وتیشی: "پێشنیارەكەیان بەگونجاو ناوبردووەو بەڵینیانداوە بەدواداچوون لەوبارەیەوە بكەن و هەفتەی داهاتووش بەدواداچوونی دیكە لەوبارەیەوە دەكەم و بەدڵنیاییەوە هەوڵی تەواو دەدەین لەوبارەیەوە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group