پەروەردە بڕیارێكی لەبارەی تاقیكردنەوەكانی پۆلە ناكۆتاییەكان راگەیاند

13/05/2019

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ پەروەردەی‌ سلێمانی‌ بڕیاری‌ دا سەرجەم تیانووسەكانی‌ تاقیكردنەوەكانی‌ پۆلە ناكۆتاییەكان بەر لە پێدانەوەی‌ ئەنجامەكان پیشانی‌ خوێندكاران بدرێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ پەروەردەی‌ سلێمانی‌ نووسراوی‌ ژمارە 9971ی‌ ئاراستەی‌ پەروەردەكانی‌ (رۆژئاوا، رۆژهەڵات، شارباژێر، شارەزوور، قەرەداغ، سەیدسادق، دوكان، چەمچەماڵ‌، دەربەندیخان، پێنجوێن، رانیە، پشدەر) كردووە سەبارەت بە تیانووسی‌ تاقیكردەوەكان.
لە نووسراوەكەدا هاتووە كە "بەمەبەستی‌ دڵنیابوونی‌ خوێندكاران لە نمرەكانی‌ كۆتایی وەرز لەسەر تیانووسەكان بۆ پۆلەكانی‌ (4-5-6-7-8-10-11) پۆلە ناكۆتاییەكانی‌ خولی‌ یەكەم واباشترە سەرجەم خوێندكاران لەناو خوێندنگاكانیان پێش ئەوەی‌ ئەنجامی‌ كۆتایی رابگەیەنن، رۆژێك دیاری‌ بكەن بۆ پێدانەوەی‌ تیانووسی‌ تاقیكردنەوەكان بە خوێندكاران و سەیركردنەوەی‌ لەلایەن خوێندكارانەوە".
بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ پەروەردەی‌ سلێمانی‌ دەڵێت: "بەمەرجێك لەلایەن مامۆستای‌ بابەتەكەوە خۆی‌ ئەنجام بدرێت و تەنها لە رۆژی‌ دیاریكراودا بۆیان هەیە تیانووسەكان ببینن واتە لەو بەوارەی‌ كە دیاری‌ دەكرێت بۆ خوێندكاران لەلایەن خوێندنگەكانیانەوە و رۆژی‌ دواتر كەس مافی‌ بینینی‌ تیانووسەكانی‌ نییە".
راشیگەیاندووە كە ئەم نووسراوە لە ساڵی‌ خوێندنی‌ 2018-2019 بەدواوە جێبەجێ‌ دەكرێت تەنها بۆ خولی‌ یەكەم.
ئەم بڕیارەی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ پەروەردەی‌ سلێمانی‌ لەكاتێكدایە كە بەدرێژایی ساڵانی‌ رابردوو هیچ كات تیانووسی‌ تاقیكردنەوەكانی‌ كۆتایی ساڵ‌ رادەستی‌ خوێندكاران و قوتابیان نەكراوە تا بیبینێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group