ژێرئاوكەوتنی شارۆچكەی مێژوویی حەسنكێف لە باكوری كوردستان دەستیپێكرد

11/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
لە رۆژی دووشەممە 10-6ەوە پرۆسەی ژێرئاوكەوتنی شارۆچكەی حەسەنكێف لە باتمانی باكوری كوردستان دەستیپێكردوە.
پاش 20 ساڵ لە ناكۆكی و ناڕەزایی دەربڕین، دواجار حكومەتی توركیا پرسی دروستكردنی دەریاچەكەی لە شوێنی حەسەنكێف یەكلاكردەوە و پرۆسەكەش لە دوێنێوە بە ژێرئاوكەوتنی لەسەرخۆی شارۆچكەكە دەستیپێكردوە.
تەمەنی حەسەنكێف بۆ 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و مێژوویەكی دورودرێژی هەیە و دەكەوێتەسەر كەناری روباری دیجلە و دوو قەڵای هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی پردێكی بەردینی كۆنە، كە بۆ چاخی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن، ئەو پردە لە ساڵی 1122ی زایینی دروستكراوە.
دانیشتوانی حەسەنكێف نزیكەی سێ هەزار كەس دەبێت، هەرچەندە حكومەت خانووی بۆ دروستكردونەتەوە، بەڵام دڵیان هەر لای شارۆچكەكەیانە، ئیتر لەگەڵ نزیكەی 100 گوندی تر شارۆچكەكەیان دەبێت بەژێر ئاوی دەریاچەیەكی دەستكردەوە، كە حكومەت لەچوارچێوەی بنیاتنانی بەنداوی ئەلیسۆ دروستی كردوە.
سەرەڕای نیگەرانی لە ژێرئاوكەوتنی شارۆچكە مێژووییەكە، بەڵام حكومەتی توركیا ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی گواستنەوەی ئاسەوار و شوێنەوارەكانە لەڕێی ئامێری زەبەلاحەوە، كە یەكێكیان مزگەوتی "ئەیوبی"یە و مێژووەكەی بۆ سەدەی 14ی زایینی دەگەڕێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group