پرسی ریفراندۆم لە ئێران دەخرێتەوە بەرباس

12/08/2019 جیهان

نەوا

لەعیا جونەیدی، یاریدەری سەرۆك كۆماری ئێران باس لەوەدەكات چەند پێشنیار لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە خراونەتە بەردەم حەسەن رۆحانی بۆ ئەوەی بڕیاریان لەبارەوە بدات.
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئێران" جونەیدی باسی لەوەشكردووە، یاسای ریفراندۆم چەند كەلێن و كەموموڕیەكی هەیە و پێدەچێت حكومەت بە پڕۆژەیاسایەك ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر بكات.
تا ئێستا چەندین جار حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران باسی لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ رای خەڵك لە سەر چەند پرسێكی هەستیار كردووە.
بەپێی مادەی 59 ی دەستوری هەمیشەیی ئێران لە هەندێك پرسی دیاریكراودا دەتوانرێت ریفراندۆم بەڕێوە بچێت، ئەمەش بە مەرجی بەدەستهێنانی 2 لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران.
دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە میانی وتارێكدا لە رێورەسمی ساڵیادی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وڵاتەكەی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندبوو، پێویستە پرسی رەتكردنەوە كاندیدەكانی هەڵبژاردن و سنوری ئازادیەكانی هاوڵاتیان بخرێتە ریفراندۆمەوە.
جێی باسە باڵی توندڕەوی ناو دەسەلاتی ئێران بە توندی دژی بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ریفراندۆمێكن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group