وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی راگەیاند

21/08/2019

نەوا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێكی نوێ دەردەكات، یەكێك لەوانەش ئەوەیە كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا كە مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەهێناوە، رێگەیان پێدەدرێت دەست بە كۆرسی ئەكادیمی بكەن و لە هەمان كاتدا بەردەوام بن لە كۆرسی زمان.
كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەسەرپەرشتی ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و بە ئامادەبونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكان بەڕێوەچووە.
لەبارەی پلانی وەرگرتنی قوتابیانی قۆناخی 12 ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریداوە پێداچوونەوە بەپلانەكان بكرێت و هەفتەی داهاتوو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاوەكو پەسندبكرێت.
لەیەكێكیتر لەبڕیارەكاندا هاتووە، كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا، كە تائێستا ماونەتەوەو، مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەستبكەن بەكۆرسی ئەكادیمی، لە هەمان كاتدا بەردەوام بن لە كۆرسەكانی زمان لە سەرجەم سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم بەهەمان ستانداردەكانی پێشوو، كە لە رێنماییەكاندا هاتووە، بەمەرجێك تاقیكردنەوەی كۆتایی بەشێوەیەكی مەركەزی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەنجامدەدرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بەداواكاری خوێندكارانی دكتۆرا، ئەوانەی كە سەرجەم مەرجەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجی  توانستی زمانی ئینگلیزییان نیە، رایگەیاندووە: دەتوانن گفتوگۆی تێزی دكتۆراكەیان بكەن، بەڵام بڕوانامەیان پێنابەخشرێت، تاوەكو بەدەستهێنانی مەرجی زمان.

بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزارەت:
كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا، كە تائێستا ماونەتەوەو، مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بكەن بە كۆرسی ئەكادیمی، لە هەمان كاتدا بەردەوام بن لە كۆرسەكانی زمان لە سەرجەم سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم بەهەمان ستانداردەكانی پێشوو، كە لە رێنماییەكاندا هاتووە، بەمەرجێك تاقیكردنەوەی كۆتایی بە شێوەیەكی مەركەزی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام دەدرێت و، دواتررێنمایی نوێی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵی ئەكادیمی 2019-2020 دەردەچێت.
-سەبارەت بەو كاندیدانەی كە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیكردنەوەی ئیمیدیست، لە دوای رێكەوتی 25-8-2019 پاڵپشت بە ئەنجامی تاقیكردنەوەكان دەگەڕێنەوە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم.
-سەبارەت بە داواكارانی نازناوی زانستی، سێنتەرەكانی زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەكردنی پێشنیاز و چارەسەری تایبەت بە پرسی زمانی ئینگلیزی بەهۆی ئەوەی داواكارانی نازناوی زانستی كەیسی جیایان تێدایە كە پێویستیان بە دیراسەیە. 
-لەداهاتوودا ستراتیژیەتی وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەكانی زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی دابڕێژن بۆ ئەوەی لەمەودوا ڕەچاوبكرێت، كە ئەمەش دەبێـە هۆكارێك بۆ پێشخستن و ئەكتیڤكردنی سەرجەم سێنتەرەكانی زمان. 
-لەم خاڵانەی سەرەوەدا رەچاوی ئەوە دەكرێت، كە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنی كواڵێتی زمانی ئینگلیزی.
-سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەی كە سەرجەم مەرجەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجی  توانستی زمانی ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆی تێزی دكتۆراكەی بكات، بەڵام بڕوانامەی پێنابەخشرێت، تاوەكو بەدەستهێنانی مەرجی زمان.
-لەبارەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای خوێندنی باڵا، كە لێژنەكە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەك لە یاریدەدەری سەرۆك زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەی ئامادەكردنی ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا دەكرێت، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزارەت دەكرێت بۆ پەسەندكردن.
-سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی قۆناخی 12 ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەكان بكرێت و هەفتەی داهاتوو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاكو پەسندبكرێت. 
-بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە 60% كەمترە، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا دوای بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و بەدەستهێنانی سەرجەم مەرجەكانی نازناوی زانستی و بڵاوكردنەوەی دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێك پێنج ساڵ خزمەت بكەن لە زانكۆكانی دەرەوەی شارە گەورەكان، جگە لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین – سلێمانی - دهۆك). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێك ئاراستەی زانكۆكان دەكرێت.
-لەسەر داوای خۆیان و لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەك زانكۆیەكی قازانج نەویست.
-لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، هەریەك لە سەرۆك زانكۆكان را و پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵەكانی تری كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە پەیوەست بوون بە پرس و بابەتەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group