ئافرەتێكی بەتەمەن نهێنیی بەتەمەنی دەگێڕێتەوە بۆ خواردنی سروشتی

25/08/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دڵبەر كاراهان-ی تەمەن 105 ساڵان كە لە شارۆچكەی تاشڵیچا سەربە پارێزگای ئاگری باكوری كوردستان دەژی، تەمەنی درێژی گێڕایەوە بۆ خواردنی سروشتی، خەوی رێك و كاركردن.
دڵبەر كاراهان كە لە گوندی كاغنیڵی كە 25 كیلۆمەتر لە شارۆچكەی تاشڵیچای دوورە، دەژی لەساڵی 1914 لەدایكبووەو لەساڵی 1934 لەگەڵ موحێدین كاراهان هاوسەرگیری كردووەو حەوت كچی هێناوەتە دونیاوە‌، بەتێپەڕبوونی كات پێنج لە كچەكانی كۆچی دوایی دەكەن و ساڵانێك لەمەوبەریش هاوسەرەكەی كۆچی دوایی كردووە.
ئەو دوای ئەوەی دوو كچەكەی هاوسەرگیریان كردووە بە تەنیا لە گوندەكەیاندا ژیان بەسەر دەبات و سەرەڕای چوونە تەمەنەوە خۆی كاروبارەكانی ژیانی بەڕێ دەكات.
كاراهان خاوەن 25 نەوەیە و منداڵی نەوەكانیشی بینیوەو بە تەمەنترین كەسی گوندەكەیانە.


دڵبەر كاراهان باس لەوە دەكات، كە گوێیەكانی باش كار دەكەن و تا ئەمڕۆ دووچاری كێشەیەكی تەندروستی ئەوتۆ نەبووەتەوە و هێشتا گۆچانی بەكارنەهێناوە و تەندروستی باشە. نهێنیی تەمەن درێژیشی گێڕایەوە بۆ خواردنی سروشتی.
دڵبەر كاراهان باسی لەوە كرد كە تا ئەمڕۆ گرنگیی بە خواردنی سروشتیداوە و زیاتر رووەكی خواردووە و خۆی لە خواردنی شیرینی پاراستووە و گوتی: ''لە كۆندا ژیان زۆر سەخت بوو. دەخڵمان هەباشە دەكرد. بە دەستەكانمان گەنم و جۆمان جیادەكردەوە. جاران نانی گەنم لای هەموو كەس نەبوو، لەو سەردەمەدا نانی جۆ هەبوو. ئێمە بە نانی جۆ گەورەبووین. پێش ئەوەی بچمە تەمەنەوە ئاژەڵی بچووك و گەورەم دەدۆشی. لە كوێستانەكان ئاژەڵم دەلەوەڕاند و بەدرێژایی وەرزی هاوین لەوێ دەماینەوە. خوریمان دەشۆردەوە و پێداویستی جایزیمان دروستدەكرد، بەتەمەنترین كەسی گوند منم لە من بەتەمەنتری تیادا نییە".
كاراهان ئەوەی وەبیرهێنایەوە‌ كە لە حەوت كچ، دووانیانی بۆ ماوە و لەگەڵ ئەو دوو كچە و نەوەكانی كاتەكانی پشوو بەڕێدەكات.


دڵبەر كاراهان باسی لەوە كرد كە لە گوندەكەدا بەتەنیا دەژی و سەردانی دراوسێكانی دەكات بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبێت و وتی: ''لە هەندێك وەرزی سەختی زستاندا دەچمە لای كچەكەم كە لە ئایدن دەژی. لە هاوینیشدا دەچم بۆ ئاگری. لە كۆندا ژیان زۆر سەخت بوو. لەم دواییانەدا هەموو شتێك ئاسانتر بوو. تەنیایی بۆ خوا باشە. بەتەنیا ژیان سەختە. خۆم پێداویستی خۆم دەستەبەر دەكەم، ماڵەكەم گسك دەدەم، قاپەكانم دەشۆم. نان دروست دەكەم، كاتێك بێتاقەت بووم دەچمە دەرەوەو بە گوندەكەدا دەگەڕێم. سەردانی دراوسێكانم دەكەم. ژیان بەم شێوەیە بەردەوامە".


ڤەسیلە گۆكتاش دانیشتووی گوندی كاغنیڵی، باسی لەوە كرد كە دڵبەر كاراهان خزمی نزیكێتی و لە گوندەكەدا هەموو كەس رێزی زۆری دەگرن و وتی: '' دڵبەر كاراهان براژنمە. لەهەمان كاتدا بەتەمەنترینی گوندەكەیە. زۆرمان خۆش دەوێت. تاجی سەرمانە. ژنی ماممە. تا ئەمڕۆ زۆر كەم چووەتە لای پزیشك، هیچ نەشتەرگەری نەكردووە. چناری گوندەكەمانە، بەتەنیا لە ماڵەكەیدا دەژی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group