هەولێر..داوا دەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت

18/03/2018 عێراق

نەوا – سەعید عەبدوڵڵا - هەولێر


ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ژمارەیەك لە ڕێكخراو و كەسایەتی داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و پێیانوایە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، پەرلەمان جارێكی دیكە تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە.
د. سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەیاننامەی رێكخراو و كەسایەتییەكانی خوێندەوە و تیایدا داوا دەكەن "ئەركی هەموولایەكە بە پەلە كاتی هەڵبژاردن دیاری بكەن، ئەم بێدەنگی و چەواشەكاریەی لایەنەكان بەرامبەر یاسا دەیكەن رای بگرن، چونكە لەڕووی یاساییەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم لێپرسراوە لە دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن. هەروەها بەگوێرەی یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ژمارە (1)ی ساڵی 2017، تەمەنی پەرلەمان درێژكراوەتەوە لە 6-11-2017 بۆ 6-11-2018 و تەمەنی پەرلەمانیش كەمتر لە هەشت مانگی ماوە، بۆیە بەگوێرەی یاسا دەبێت بەر لە 6-9-2018 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە ئەركەكانی كۆمیسیۆن كراوە و تیایدا راگەیەنراوە، (180) رۆژ پێویستە بۆ خۆئامادەكردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەلایەكی ترەوە تائێستا تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك نییە و هەموولایەكیش داوای پاككردنەوەی دەكەن، تەنانەت لە لای هەندێك لایەن بووە بە مەرج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دیاری نەكردنی بودجەش ئاستەنگێكی ترە بۆ پاككردنەوەی تۆمارەكە.
لە بەیاننامەكەدا ئۆباڵی دواكەوتنی هەڵبژاردنەكان خراوەتە ئەستۆی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان و حكومەت و كۆمیسیۆنی باڵا، ئەو كەسایەتی و ڕێكخراوانەش مەترسیان هەیە ئەگەر كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەر نەكرێن، مەترسی درێژتركردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group