پسپۆڕێك: ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی لە مەترسیدایە

28/08/2019 نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی


بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەشارەزایانی ئاو لە پارێزگای سلێمانی وۆركشۆپێكی بۆ رێگریكردن لە بەهەدەردان و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی سازكرد و پسپۆڕێكی بوارەكەش هۆشداری دەدات لە بەردەوامی لێدانی بیر لە شاری سلێمانیدا.
لەوبارەیەوە عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بەرادیۆ نەوای راگەیاند، وۆركشۆپەكە لە چوار تەوەری سەرەكی پێكدێت، تەوەری یەكەم بریتییە لەشێوازی نوێی بەڕێوەبردن بۆ ئاوی ژێرزەوی لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجەش دەگرێتەوە، هەروەها چۆنێتی پاراوكردنەوەی حەوزەكانی ئاو و پاراستنیان لە پیسبون و بەزانستیكردنی كاركردن لەم سێكتەرەدا.
وتیشی "تەوەری دووەم پێكدێت لە بە بەهاكردنی ئاو، پێویستە بەهایەكی بۆ دابنرێت، رێژەیەكی زۆر لە ئاو بەهەدەر دەدرێت و بەشێكی سودی لێبینراوە لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و كەرتی تایبەتی و گشتی و ئاوی خواردنەوەی ماڵان، بەڵام هیچ بەهایەكی بۆ دانەنراوە. بەشێكی دیكەی ۆركشۆپەكە پێكدێت لە شێوازی گۆڕینی شێوەی هەڵكەندنی بیر، پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابووری بێنەسەر خەت لە گەڵمان و سیستمێكی بۆ دابنرێت لە رووی یاسایی و ئیداری و هونەریەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە پێداچونەوە بە رێنماییەكاندا بكرێت و بەشێكی كۆن بون و خزمەتی سێكتەری ئابوری وڵات ناكەن و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە.
سەبارەت بە كارو پلانەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش، حسێن حەمەكەریم  وتەبێژی فەرمی وەزارەتەكە بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئاو یەكێكە لە سامانە گرنگ و نیشتمانییەكان و كاری سەرەكیمان دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئاوە، بۆیە لەبەرنامە و كارماندایە چۆن بتوانین زۆرترین ئاو گل بدەینەوە لە رێگای بەنداو و پۆندەوە، هەروەها چۆن بتوانین پارێزگاری لەئاوی ژێرزەوی بكەین.
باسی لەوەشكرد، لە ماوەی رابردودا زیادەڕەویەكی زۆر كراوەتەسەر ئاوی ژێرزەوی لە رێگای هەڵكەندنی بیر بە شێوازێكی نایاسایی، بۆیە یەكێك لە هەوڵەكان ئەوەیە چۆن رێگری بكرێت لە لێدانی بیر بەشێوەی نایاسایی، چونكە ئاوی ژێرزەوی سامانێكە پەیوەستە بەنەوەكانی داهاتوەوە و پێویستە بیپارێزین و بەهەدەری نەدەین.
لەلای خۆیشیەوە پێشەوا مەحمود شارەزا لەبواری هایدرۆجیۆلۆجی ئاوی ژێرزەوی بۆ رادیۆ نەوا وتی "لە كۆی ئاوی شیرینی زەوی لە 29%ی ئاومان لەژێرزەویدایە و لە 1% لە رووبارەكاندایە، ئاوی ژێرزەوی دەتوانرێت لە هەموو شوێنێك دەستبكەوێت و ئاوەكەشی خاوێنترە لەچاو ئاوی سەرزەوی، بۆیە پێویستە هەوڵبدەین ئاوی ژێرزەوی بكەین بە داهات، لە ئێستادا بارودۆخەكە باشە، بەڵام ئەگەر وا بەردەوام بێت و بە قاچاغ بیر هەڵبكەنین، ئاوی ژێرزەوی دەكەوێتە مەترسییەوە و بەرەو خراپبون دەڕوات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group