وەزارەتی دارایی هەرێم: ئامادەی هەماهەنگین لەگەڵ پەرلەمان و دامەزراوەكانی چاودێری دارایی

11/09/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی وەزارەتەكە دەردەبڕێت بۆ ئاشكراكردنی زانیاری و هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانی چاودێری دارایی لە هەرێم. ئەوەش دەڵێت: "دەسپێكردنەوەی بەرزەمووچەی فەرمانبەران پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانە". 
ئەحمەد عەبدورەحمان وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرادیۆ نەوای راگەیاند، وەكو وەزارەتی دارایی ئامادەی هەموو هاوكارییەكین لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانی چاودێری لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی پەیوەستە بە ئامادەبوونی وەزارەتی دارایی لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتنامەكە نەگەیشتبووە وەزارەتی دارایی.
وتیشی: "ئێمە هەرچەندە لەسەرەتای كابینەكەداین و خەریكی ئامادەكردنی پلانی بودجەو چاكسازیكردن و ئیدارە دانێكی باشتری دۆخی دارایین لە هەرێمی كوردستان بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئامادەین هەموو هەماهەنگییەك بكەین لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمان".
سەبارەت بە پرسی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران و دەسپێكردنەوەی بەرزە مووچە كە پێشتر لەسەر داواكاری كابینەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران راگیرابوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە و لەئێستادا دەوترێت لەهەوڵی دەستپێكردنەوەدان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو پرسە پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیەو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەڵامی دەدرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group