فرسەت سۆفی بۆ پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرا

12/09/2019

نەواـ سەعید عەبدوڵڵاـ هەولێر
بەمەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی هەولێر ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ژمارە 70ی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر بەرێوەچوو تێیدا فرسەت سۆفی بەزۆرینەی دەنگ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا.
بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری نەوا، لەسەرەتای كۆبونەوەكە عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر فرسەت سۆفی عەلی وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانی خستە بەردەم ئەنجومەنەكە بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن وەك پارێزگاری نوێی هەولێر، دواتریش فرسەت سۆفی سیڤی خۆی خوێندەوە.
دواتر هەریەكە لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی بەهۆی قۆناغی ئیستای هەرێم بڕیاریاندا دەنگ بەكاندیدەكەی پارتی بدەن و  فرسەت سۆفی لە كۆی 28 ئەندامی ئەنجومەن كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوون 27 دەنگی بەدەستهێنا، دواتریش بەپێی رێكارە یاساییەكان بە نوسراوێكی فەرمی ناوەكەی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەوەی فەرمانی هەرێمی بۆ دەربچێت و پاشان سوێندی یاسایی بخوات.
دوای كۆبونەوەكەش فرسەت سۆفی لە پرێس كۆنفرانسێكدا سوپاسی سەرۆكایەتی پارتی و ئەندامانی ئەنجومەنی كرد كە متمانەیان پێداوەو وتی:" ئامانجمان ئەوەیە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو لایەنەكان بكەین و پارێزگاری هەموو خەڵكی هەولێرین".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە قۆناغی داهاتودا لەبەردەم ئەم ئەنجومەنە بەرنامەی كارمان رادەگەیەنین، بەڵام دڵنیابن كە خزمەتی هەموان دەكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group