چەكدارەكانی سەر بە توركیا توالێتەكانیان بە دەستی منداڵانی عەفرین پاكدەكەنەوە

21/09/2019

نەوا
چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە عەفرینی رۆژئاوای كوردستان منداڵانی كورد ناچار دەكەن بەدەست توالێتەكانی ئەو هێزانە خاوێن بكەنەوە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە، گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لەشاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان منداڵانی تەمەن 11 بۆ 15 ساڵ ناچار دەكەن بەدەست توالێتەكانی ئەو هێزە توندڕەوانە خاوێن بكەنەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە كاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتوەتەوە و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا ناچاربوون لەروونكردنەوەیەكدا ناوەرۆكەكەی پشتڕاست بكەنەوەو بەوە پاساویان هێناوەتەوە كە كاری چەند كەسانێك بووەو رێوشوێن بەرامبەر بەئەنجامدەرانی دەگرنەبەر.
لەدوای ئەوەی توركیا و گروپە توندڕەوە سوریەكانی سەر بە ئەنقەرە لەساڵی 2018 دا دەستیان بەسەر عەفریندا گرت رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لەچەندین راپۆرتدا باسیان لە پێشێلكاریەكانی ئەو چەكدارانە بەرامبەر بەدانیشتوانی شارەكە كردووە، لەوانە رفاندن، ئەشكەنجەدان، دەستدرێژی، دەستبەسەرداگرتنی سامان و سوتاندن و لەناوبردنی باغە زەیتونەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group