"لێدوان و گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بووەتە هۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان"

21/09/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت، "لێدوان و گرژیەكانی ئەم دواییەی نێوان یەكێتی و پارتی بووەتە هۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكانی كەركوك بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەگەر ئەو دوولایەنەش نەگەنە رێككەوتن دۆخەكە وا خراپ دەكەن هیچ لایەنێكی دیكەی كوردستانی رێكنەكەون".
حەسەن ئەمین شێخانی مامۆستای زانكۆو بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هەر جارێك سەركردایەتی سیاسی كورد لەسەر یەكێك لە پرسەكان نزیك بێت لە رێككەوتن دەستێك هەیە دۆخەكە تێكدەدات و بەرەو ئاقارێكی خراپی دەبات، لێدوان و گرژییەكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتیش كاریگەری لەسەر یەكدەنگی كورد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەبێت.
وتیشی: "بڕیاربوو لەم چەند رۆژەدا سەرجەم لایەنە كوردستانییەكانی كەركوك لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆبوونەوە ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان نیشانبدەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڵام بەداخەوە هیچ دەنگی كۆبوونەوەكە نەبوو ئەوە یەكێك لە كاریگەریەكانی و كاریگەری خراپتریشی دەبێت.
راشیگەیاند، "ئێمە گەشبین نین بەودۆخەی روودەدات لە كەركوك و كوردستان و ناوچەكانی دیكەو پێم وایە كۆبوونەوەكان ناكرێت تاوەكو چارەسەری كێشەكان نەكرێت لەنێوان ئەو دوولایەنە"، ئەوەشی نەشاردەوە كە "یەكێتی و پارتی ئەگەر بیانەوێت رێكبكەون دواتر پرس بە حزبەكانی دیكە دەكەن یاخود دۆخەكە وا خراپ دەكەن كە لایەنەكانی دیكەش نەگەنە رێككەوتن وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو بەدیكراوە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group