گواردیۆلا باسی دۆڕاندنە قورسەكەیان دەكات

06/10/2019 وەرزش

نەوا
پیپ گواردیۆلا راهێنەری مانچستەر سیتی ناتوانێت بێزاری و بێتاقەتی خۆی لە دۆڕاندنەكەی ئەمڕۆیان بەرانبەر وۆلڤەرهامپتۆن بشارێتەوە و دەڵێت "رۆژێكی خراپمان بەسەربرد".
لە هەفتەی هەشتەمی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلیزیدا، رۆژی یەكشەممە 6-10-2019 مانچستەر سیتی میوانداری وۆلڤەرهامپتۆنی كرد و تیمی میوان بە دوو گۆڵی چاوەڕواننەكراو لە مان سیتی بردەوە.
لە پاش یارییەكە، گواردیۆلا لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "رۆژێكی خراپ بوو، هەندێكجار ئەوە رودەدات".
وتیشی "یارییەكەمان بەشێوەیەكی باش دەستپێكرد، پاشان لەناوچەی بنیاتنانی هێرشبردن دوو جار تۆپمان لەدەستدا، دوو هەلی مەترسیدار لەسەر گۆڵەكەمان دروستبو، ئەوەش هەندێك توشی دڵەڕاوكێی كردین".
راهێنەری مانچستەر سیتی راشیگەیاند، بەرانبەر تیمێكی باش دۆڕاون، كە توانایەكی جەستەیی باڵایان هەیە، خێراییان لە هێرشی هەڵگەڕاوەدا تۆقێنەرە، ئەوەش هۆكاری ئەنجامەكە بوو.
لەبارەی دوركەوتنەوەی زیاتریان لە لیڤەرپوڵی یەكەمی ریزبەندییش، كە 24 خاڵی لە 8 بردنەوەی یەك لەدوای یەكدا بەدەستهێناوە و مانچستەر سیتی-یش تەنها 16 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمدایە، گواردیۆلا دەڵێت "جیاوازییەكە گەورە بوە، لیڤەرپوڵ لەبەر چەند هۆكارێكی زۆر خاڵ لەدەست نادات. بەڵام پێویستە بیر لەوە نەكەینەوە، بەڵكو دەبێت لە داهاتو بڕوانین و یارییەكانی ئایندە ببەینەوە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group