فالح فەیاز: دژی هەر هەوڵێكی روخاندنی حكومەت دەوەستینەوە

07/10/2019 عێراق
فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی

نەوا
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، ئامادەن فەرمانەكانی حكومەت لەدژی هەر هەوڵێكی كودەتا و یاخیبوون جێبەجێ بكەن.
فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ روخاندن و لەناوبردنی گەندەڵیدان و دژی روخاندنی دەسەڵاتن.
وتیشی: ئامادەن فەرمانەكانی حكومەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەوڵێكی كودەتا و یاخیبوون جێبەجێ بكەن و بە تەواوەتی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بپارێزن.
فالح فەیاز ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە چەكدارەكان لەدەرەوەی ناكۆكیە سیاسیەكانەوەن و تەنها بەرگری دەستور و دەوڵەت دەكەن.
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسی لەوەشكرد، دواجار لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن، كە كێ لە پشت توندوتیژی و كوشتنی خۆپیشاندەرانەوەیە و هۆشداریشیدا كە رێگە بە كەس نادان ئاسایشی هاوڵاتیان بخاتە مەترسییەوە.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە لە دژی گەندەڵی، بێكاری و كەمی خزمەتگوزاریەكان شەپۆلێكی خۆپیشاندان بەغدا و چەند شارێكی باشور و ناوەڕاستی عێراقی گرتوەتەوە و سەرباری بەڵێنەكانی حكومەت بۆ جێبەجێ كردنی داواكاری خۆپیشاندەران تا ئێستاش خۆپیشاندانەكان بەردەوامن و بە پێی ئامارە فەرمیەكان 104 كەس كوژراون و زیاتر لە شەش هەزار كەسیش برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group