عادل عەبدولمەهدی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند

7 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند، وەك رێزێك لە گیانی ئەو كەسانەی لە خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردووی بەغدا و چەند پارێزگایەكی تر كوژران.
لە وتارێكدا عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، لەگەڵ داواكاریە رەواكانی خۆپیشاندەراندایە و هەموو جۆرە دیاردەیەكی توندوتیژی رەتدەكاتەوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لە رۆژی پێنج شەممەوە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەسەرتاسەری وڵات رادەگەیەنێت، وەك رێزێك لە گیانی ئەو خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنیانەی لە خۆپیشاندانەكاندا ژیانیان لەدەستدا.
راشیگەیاند، لەسەر ئەركی حكومەت بریندارەكان چارەسەر دەكرێن و سەرجەم ئەو كەسانەشی لە خۆپیشاندانەكاندا دەستگیركراون ئازاد دەكرێن.
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە دژی گەندەڵی، بێكاری و كەمی خزمەتگوزاری شەپۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی عێراقی گرتەوە، بە پێی ئامارە فەرمیەكانی حكومەت 104 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كوژران و زیاتر لە شەش هەزار كەسیش برینداربوون.
حكومەتی عێراق وەك بەدەنگەوەچوون بۆ داواكاری خۆپیشاندەران دوو پاكێجی چاكسازی راگەیاند.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group