لە كۆنگرێس كار بۆ سزادانی توركیا دەكرێت

10/10/2019 جیهان

نەوا
دوو سیناتۆری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پـرۆژە بڕیارێكیان ئامادەكردووە بۆ سزادانی توركیا لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە دژی رۆژئاوای كوردستان دەستپـێكردووە.
هەریەك لە سیناتۆر لیندزی گراهام سەر بە پارتی كۆماریییەكان و سیناتۆر كرێس ڤان هاڵن-ی سەر بە دیموكراتەكان، پـرۆژە بڕیارێكیان ئامادەكردووە و بەنیازن بیدەن بە ئەنجومەنی پیران بۆ پەسەندكردنی.
پـرۆژە بڕیارەكەی ئەو دوو سیناتۆرە تایبەتە بە سزادانی توركیا لەبەرامبەر هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، تیایدا پێشنیاركراوە سزا بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی توركیا بسەپێنرێت، هەروەها كۆمەڵێك سزای دیكەش تایبەت بە كەرتی وزە و دارایی و سەربازیی پێشنیاركراون بۆ سەپاندنیان بەسەر توركیا.
ئەگەر پـرۆژە بڕیارەكەی ئەو دوو سیناتۆرە لە ئەنجومەنی پیران، كە كۆماریـیەكان تیایدا زۆرینەن پەسەندبكرێت، ئەوا ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت كە لەوێ دیموكراتەكان زۆرینەن، ئەگەر لەوێش پەسەندكرا دەنێردرێت بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تا واژۆی بكات و ببێتە بڕیار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group