پارێزگاری سلێمانی داوا لە توركیا دەكات لەشكركێشی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان رابگرێت

10/10/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
ئەمڕۆ سەرجەم فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان لە دیوانی پارێزگا ئەنجامداو پارێزگاری سلێمانی-یش وتی "داوا لە توركیا دەكەین بە بڕیاری شەڕیدا بچێتەوە و كۆتایی بەو شەڕە بهێنێت لە رۆژئاوای كوردستاندا".
لەمیانی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەكەدا، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتی "ئیدانەی هەر شەڕو ئاژاوەو تیرۆر و ماڵوێرانییەك دەكەین لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت و بەراشكاوانە ئیدانەی لەشكركێشی سوپای توركیا دەكەین بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، ئومێد دەكەین رێگاچارەی دیپلۆماسیانە و گفتوگۆكردن و ئاشتی و سیاسی جێگای شەڕ و ماڵوێرانی بگرێتەوە".
وتیشی "كورد نەتەوەیەكی زیندوەو بەدرێژایی مێژوو یان وڵاتەكەی كراوە بەمەیدانی جەنگ یا گەنج و لاوەكانی كوژراون و كراون بەسوتماكی شەڕەكان، نەچوینەتە سەر ماڵی كەس و بەبەردەوامی دێنە سەر ماڵمان و ئێمە بەدوای چارەسەری ئاشتیەوەین و دژی شەڕین". 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، كورد دۆستایەتی لەگەڵ هەموو خەڵكی جیهان دەكات بەتایبەت ئەو نەتەوانەی هاوسنور و دۆستی ئێمەن، لەو روانگەیەشەوە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و باڵیۆزی وڵاتان و توركیا دەكەن، بەو بڕیارەیاندا بچنەوە و كۆتایی بەو شەڕە بهێنن و بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆكردن و بەڵای شەڕ لەم ناوچەیە دوربخەینەوە، جارێكی تر زەمینە بۆ تیرۆریستانی داعش دروست نەكەنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group