میسی بۆچی گرێبەستی هەمیشەیی بەرشەلۆنە رەتدەكاتەوە؟

18/10/2019 وەرزش

نەوا
لیۆنێل میسی بەهرەمەندی ئەرجەنتینی و كاپتنی بەرشەلۆنە دوپاتیدەكاتەوە، كە گەڕانەوەی نەیمار داسیلڤای بەرازیلی بۆ یانە كەتەلۆنییەكە گرێ كوێرەی تێدایە، هۆكاری رەتكردنەوەی گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵ یانەكەشی روندەكاتەوە.
میسی لەلێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، گەڕانەوەی نەیمار بۆ بەرشەلۆنە گرێ كوێرەی تێدایە، یەكەم لەبەرئەوەی زەحمەتە پاریس سان جێرمان بەجێبهێڵێت، دووەم پەیوەندی بە شێوازی چونەدەرەوەی هەیە لە بەرشەلۆنە، سەرەڕای ئەوەی كەسان و ئەندامانی یانە هەن نایانەوێت بگەڕێتەوە.
ئەوەش دوپاتدەكاتەوە، كە لەسەرئاستی وەرزشی، نەیمار لە باشترین یاریزانەكانی جیهانە و زۆر نایاب دەبێت ئەگەر بگەڕێتەوە. ئاشكراشیكرد، كە پێكەوە قسە زۆر دەكەن و گروپێكیان لە واتساپ-دا هەیە، كە تەنها خۆی و نەیمار و سوارێزی تێدایە.
لەبارەی گرێبەستی هەمیشەیی خۆیشی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە، میسی دەڵێت "بەدرێژایی كاروانی یاریكردنم لێرە دەمێنمەوە، هەمان شتیان لەگەڵ ئینێستا كرد و ئەو یاریزانانەشی ماوەیەكی دورودرێژ لێرە ماونەتەوە هەر بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا كردون..بەڵام گرێبەستێكم ناوێت بمبەستێتەوە، چونكە نازانم دۆخم چی لێبەسەردێت، هەروەك نامەوێت لێرە بمێنمەوە ئەگەر لە دۆخێكی باشدا نەبم".
رونكردنەوەی زیاتری داوەو دەڵێت "دەمەوێت ركابەری بكەم، دۆخی توانای جەستەییم باش بێت، بەردەوام بم لە تێكۆشان، نەك لەبەرئەوەی پابەندبم بە گرێبەستێكی هەتاهەتاییەوە، ئەوەش تاكە هۆكارە، كە وام لێدەكات حەزم لە گرێبەستی هەمیشەیی نەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group