باكوری سوریا..جارێكی تر سەربازانی روسیا و توركیا بەردباران كرانەوە

08/11/2019

نەوا
لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوانیان توركیا و روسیا گەڕانێكی تری هاوبەشیان لە باكوری سوریا ئەنجامدا، بەڵام ئەمجارەشیان لە لایەن دانیشتوانی ناوچەكەوە بەردباران كران.
رۆژی هەینی هێزەكانی توركیا و پۆلیسی سەربازی روسیا لە نزیك ناوچەی گركێ لەكێی سەر بە قامیشلۆ گەڕانێكی هاوبەشیان ئەنجامدا.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هاوار نیوز، دانیشتوانی ناوچەكە ئەمجارەش بە بەرد بەرەوڕووی ئەو هێزانەی توركیا و روسیا بوونەتەوە و رایانگەیاندووە، دەیانەوێت ناوچەكەیان تەنها لە لایەن هەسەدەوە بپارێزرێت.
پێشتریش لە كاتی گەڕانی هاوبەشی پۆلیسی سەربازی روسیا و سوپای توركیا لە ناوچەكانی دربێسی و كۆبانێ هاوڵاتیانی كورد بە بەرد و هێلە بەرەوڕوویان ببوونەوە.
رۆژی 22 ی تشرینی یەكەك توركیا و روسیا رێككەوتن لەسەر ئەوەی لە قوڵایی 10 كیلۆمەتری ناوچەكانی باكوری سوریا گەڕانی هاوبەش ئەنجام بدەن بە مەبەستی دڵنیابوون لە دوركەوتنەوەی هێزەكانی هەسەدە لە سنورەكانی توركیا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group