یوسف محەمەد: ساختەكاری هەڵبژاردن كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە

09/11/2019 عێراق

نەوا
یوسف محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەپێویستی دەزانێت كاربكرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە لایەن بەرپرسانی بەغداو بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمەوە براونەتە دەرەوە.
یوسف محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند: ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی وڵاتەكەی گرتوەتەوە، هۆكارەكانی دەگەڕێنەوە بۆ دوو بابەتی سەرەكی؛ یەكەمیان گەندەڵییە كە بوەتە هۆی بە هەدەردانی داهاتی عیراق، چونكە لەبری ئەوەی بۆ قازانجی خەڵك و بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەكاربێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق و هەندێك لە كاربەدەستانی كوردیشەوە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەم داهاتانە بە فیڕۆ دەدرێن".
لە بارەی هۆكاری دووەمەوە یوسف محەمەد وتی: "هۆكاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فێڵ و تەڵەكە بەردەوامانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی عیراقدا دەكرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا كراون و كۆی پرۆسەی سیاسی عیراقی خستە ژێر پرسیارێكی گەورەوە".
 یوسف محەمەد لە بەشێكی تری قسەكانیدا رایگەیاندووە، "پێویستە كار بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عیراقدا براونەتە دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق و بەشێك لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە، وەك دەڵێت ئەمەش پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەیە تا ئەژمارە بانكیەكانی كاربەدەستانی عیراق و هەرێمی كوردستان لە بانكە بیانییەكاندا ئاشكرا بكرێن، دەشڵێت لە پەرلەماندا دەستكراوە بە كاركردن لەسەر ئەم هەوڵە و ژمارەیەك هەوڵی تریش".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group