قاچاخچییەك فێڵێكی زۆر سەیر لە 4 پەنابەر دەكات

05/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دەسەڵاتدارانی روسیا ئاشكرایانكردوە، كەسێكیان دەستگیركردوە كە فێڵێكی زۆر سەیری لە 4 پەنابەر كردوەو خاڵێكی سنوری ساختەی دروستكردوە و وای پیشانداوە پەنابەرەكان لەو خاڵە دەپەڕێنێتەوە سنورەكانی یەكێتیی ئەوروپا.
دەسەڵاتدارانی روسیا ئاماژەیان بەوەداوە، قاچاخچییەكە خەڵكی ئاسیای ناوەڕاستە و لە روسیا دەژی، فێڵێكی زۆر سەیری لە 4 پیاوی كۆچەری خەڵكی باشوری ئاسیا كردوە (بەبێ‌ ئاشكراكردنی رەگەزنامەیان).
ئەو قاچاخچییە بڕی زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری لە كۆچەرەكان وەرگرتوە و بەڵێنی پێداون لەسنورەكانەوە دەیانپەڕێنێتەوە سنوری فینلەندا، كە یەكێكە لە دەوڵەتەكانی یەكێتیی ئەوروپا، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەو خاڵە سنوریەی گوایە لەوێوە دەیانپەڕێنێتەوە، ساختە بوە و خۆی دروستیكردوە و هەر لەناو خاكی روسیادا بوە.
بەپێی زانیاریەكان، ئەو قاچاخچییە كۆچەرەكانی لە ناوچەی فیبۆرگ لە بازنەیەكدا خولاندوەتەوە و بە ئۆتۆمبێل ماوەیەك بردونی دواتر بە پێ‌ و دوای ئەوەش بە سواری بەلەمێك لە دەریاچەیەك پەڕاندونیەتەوە، بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بینراون لەناو دارستانێكدا بون و دەستگیركراون.
رونیشكراوەتەوە، 4 كۆچەرەكە لەلایەن دادگای سانبترسبێرگەوە دیپۆرت كراونەتەوە و ئەو پیاوەشی فێڵەكەی كردوە، تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی دراوەتەپاڵ.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group