وردەكاری دوو كاتژمێر روبەڕوبونەوەی چەكداری لەنزیك نیویۆرك بڵاودەكرێتەوە

11/12/2019 جیهان

نەوا
بەهۆی روبەڕوبونەوەی چەكداری لەنێوان ژمارەیەك چەكدار و هێزەكانی پۆلیس لەناوەڕاستی شاری جێرسی تەنیشت نیویۆركی ئەمریكا، شەش كەس كوژراون.
مایكل كیلی فەرماندەی پۆلیسی "جێرسی سیتی"، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 270 هەزار كەس دەبێت، رایگەیاند، روبەڕوبونەوە چەكدارییەكە سەرەتا لە گۆڕستانێكی شارەكەوە دەستیپێكردوە و پاشان دوو كاتژمێری خایاندوە، بەهۆیەوە شەش كەس كوژراون، كە پۆلیسێك و دوو چەكدار و سێ هاووڵاتی سڤیلن.
فەرماندەكەی پۆلیس لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی شارەكە، ئاماژەی بەوەشكرد، كە دوو پۆلیس لە روبەڕوبونەوەكەدا برینداربون، لێكۆڵینەوەی زیاتریش لەبارەی روداوەكە دەكەن.
وتیشی "پاش دەستپێكردنی روبەڕوبونەوەكە لە گۆڕستانەكەدا، دوو چەكدارەكە چونەتە نێو گەڕەكێكی ناوەڕاستی شار و بۆ زیاتر لە دوو كاتژمێر تەقە لەنێوان پۆلیس و چەكدارەكاندا بەردەوام بوە".
هەرچەندە تائێستا هۆكاری راستەقینەی شەڕەكە نازانرێت، بەڵام میدیای ئەمریكی ئاماژەی بەوەكردوە، كە پۆلیسێك لێكۆڵینەوەی لە تاوانێكی كوشتن كردوە و چۆتە گۆڕستانێكەوە، لەوكاتەدا ویستویەتی لە دوو چەكدارەكە نزیكببێتەوە و ئەوان دەستیان بە تەقەكردن كردوە و پاشان رایانكردوە بۆ دوكانێكی سەوزە و میوە و لەوێوە روبەڕوبونەوەكە درێژەی كێشاوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group