"پەرستارێكی ساختە" ساوایەكی یەك رۆژە دەڕفێنێت بەڵام پۆلیس فریاكەوت

11/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دەسەڵاتدارانی چین هەرزوو توانییان منداڵێكی ساوای یەك رۆژە لە دەستی رفێنەرەكەی رزگاربكەن و بەدایكی خۆی شاد بكەنەوە.
ئەم هەواڵە رۆژنامەی "گویزۆ ئیربان"ی چینی بڵاویكردوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، ژنێك لە هەرێمی كویچۆی باشوری وڵاتەكەیان، خۆی كردوە بە پەرستیار و منداڵێكی ساوای یەك رۆژەی لە نەخۆشخانەی هەرێمەكەیان رفاندوە.

چیرۆكەكە كاتێك دەستیپێكردوە، كە باوكی منداڵە ساواكە زانیویەتی منداڵە كچەكەی لەلای هاوسەرە خەوتوەكەیەوە نییە لە بەشی منداڵبونی نەخۆشخانەكە، بۆیە بە زوویی پەرستیارەكان ئاگاداردەكاتەوە و پرسیاری منداڵەكەی دەكات.
دوای ئەوەی دەزانرێت ستافی نەخۆشخانەكە دەستكاری منداڵەكەیان نەكردوە، دەستبەجێ پۆلیس ئاگاداردەكرێتەوە و پێداچونەوە بە كامێرای چاودێری نەخۆشخانەكە دەستپێدەكەن.
لە كامێرایەكەوە بۆیان دەردەكەوێت ژنێك لەدەرەوەی نەخۆشخانەكە بە جلوبەرگی پەرستیاری و دەموچاوی داپۆشراوەوە چۆتە ژورەوە و پاش گەیشتنی بە ژووری دایك و منداڵە ساواكە، بە پەلە منداڵەكە هەڵدەگرێت و دەچێتەدەرەوە.

پۆلیس پاش بەدواداچون توانیویەتی ژنەكە دەستگیربكەن و منداڵەكەشیان وەرگرتوە و پاش ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی دەركەوتوە دۆخی تەندروستی ساواكە باشە.
بەگوێرەی یاسای چین هەر كەسێك بازرگانی بە مرۆڤەوە بكات، ئەوا بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەكرێت، رفاندنی منداڵیش لە چین بە تاوانێكی كۆمەڵایەتی مەترسیدار هەژمار دەكرێت، سیاسییەكانیش داوا دەكەن سزایەكی تایبەت و توند بۆ ئەو بابەتە دابڕێژرێت تا سنورێك بۆ بڵاوبونەوەی دابنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group