ئەنجومەنی خانمان: بودجەی مانگانەمان لە شەش ملیۆن دینارەوە بۆتە 10 ملیۆن دینار

14/01/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
ئەنجومەنی باڵای خانمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ساڵی رابردودا هەموو كارەكانی بە هاوكاری دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر، پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمانی كوردستان ئاماری چالاكییەكانی ساڵی رابردوی خستەڕو و وتی "لە ساڵی 2019دا یەكەكانی یەكسانی جێندەری پێكهێنراون، كە 40 ئەندامیان هەیە و نۆ خولیان كردۆتەوە و ئێستاش هەوڵی پێكهێنانی یەكەكانی تەواوی وەزارەت و پارێزگاكان دەدەین، هەروەها 32 سەنتەری یەكسانی جێندەری لە زانكۆكاندا كراونەتەوە".
هەروەها باسی لەوەكرد، راهێنان بۆ تیمەكانی بڕیاری 1325ی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەشت وەزارەت بەڕێوەچوە و لە بواری یاساییدا رەشنوسی یاسای ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا لەوێشەوە بۆ پەرلەمان بنێردرێت.
لەبارەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیشەوە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان وتی "ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانە هاوكاری كوردستان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری".
سەبارەت بە داهات و خەرجییەكانی كاروباری خانمانیش، پەخشان زەنگەنە وتی "مانگە شەش ملیۆن و 250 هەزار دینارمان وەك بودجە وەرگرتوە و مانگی رابردوش بوە بە 10 ملیۆن دینار، كە حكومەتی هەرێم بۆمان دابین دەكات".
هەروەها رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش بەپێی بەخشینەكانیان، كارەكانی ئەنجومەنەكە رایی دەكەن، بەڵام ئەوان هیچ پارەیەكیان پێنادەن، بەڵكو ئەوەی هەیە بەپێی پرۆژەكانیان، كە پێشكەشی دەكەن ئەوانیش خۆیان سەرپەرشتی خەرجییەكان دەكەن و ئەنجومەنەكە دەستكاری لیستی خەرجی ناكات.
لە كۆتاییشدا باسی لەوەكرد، كە تەنها ئەنجومەنی باڵای خانمان بەرپرس نییە لە پرسی ژنان، بەڵكو سەرجەم لایەن و دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان بەرپرسن لێی، یەكێكیش لە ئەركەكانیان هەڵمەتی 16 رۆژەیە، كە ساڵانە ئەنجامی دەدەن و هەموو وڵاتانیش ئەو هەنگاوە دەگرنەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group