سۆران عومەر: پێموایە بەرژەوەندیەكانی خەڵك لە یاسای چاكسازیدا دەنگیان پێنادرێت

15/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
بڕیارە سبەینێ (پێنجشەممە 16-1-2020)، پەرلەمانی كوردستان دوای دووجار خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای چاكسازیی، دەنگ لەسەر پرۆژەكە بدات و ئەندامێكی لیژنەی داراییش پێیوایە "ئەوەی ویستی حكومەتە هەروا دەڕوات و بەرژەوەندیەكانی خەڵك دەنگی پێنادرێت".
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازیی وتی "ئەو پێشنیارانەی لە كۆبونەوەی پێشتری پەرلەماندا گفتوگۆیان لەسەركرا، ئەگەر هەر پێشنیارێك سێ پەرلەمانتار پشتگیری كردبێت، دەبێت بخرێتە ناو راپۆرتەكەوە بۆئەوەی دەنگی پێبدرێت، لە كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانیشدا پێشنیارەكان و پرۆژەكە دەخرێنە دەنگدانەوە بۆئەوەی ببێتە یاسا".
دەربارەی پێشبینییان لەسەر دەنگدان بۆ ئەو پێشنیارانەی هەن، سۆران عومەر وتی "پێموایە ئەو بۆچونانەی بەرزكردنەوەی كەمترین بڕی موچەی خانەنشینی و بەدیاریكراوی گێڕانەی پاشەكەوتی موچەش دەنگیان پێنەدرێت، هەروەها بەشێكی ئەو پێشنیارانە كە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵك و كەمئەندامانە، دەنگیان پێنادرێت و ئەوەی حكومەت ویستویەتی، هەروا دەڕوات". 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group