شاندێكی باڵای سەربازیی بەریتانیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

15/01/2020

نەوا
ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە جیا پێشوازییان لە شاندێكی باڵای سەربازیی بەریتانیا كرد.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ شاندە سەربازییەكەی بەریتانیا بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ سێر جۆنز لۆریمەر گەورە راوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، دۆخی ئەمنیی عیراق و پێشهات و ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی وڵاتیان تاووتوێكردوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، پەرەسەندنی جموجۆڵی ئەمدواییەی داعش بەتایبەتی لە ناوچەكانی ماددەی 140 و گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە، خاوكردنەوەی گرژییەكان، پەیوەندییەكانی هەولێر-بەغدا و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە كە تیایدا بەردەوامیی هاوكاریی بەریتانیا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكراوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران پێشوازی لە شاندەكەی بەریتانیا كردوە و 
دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە تاووتوێ كراون.
هەروەها جەخت لە هێوركردنەوەی بارودۆخی عیراق و چارەسەكردنی كێشەكان بە رێگای دیالۆگ كرایەوە. هەروەك ئاماژە بەوەدرا كە شەڕی داعش كۆتایی نەهاتوە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆردا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group